بە پشتیوانییەکی بێوێنە؛ ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارنامەیەکی دژی ئێران پەسەند کرد

خۆڕاگری: لە دانیشتنێکی تایبەت و چارەنووسسازدا، ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان بە زۆرینەی دەنگ بڕیارنامەیەکی توندی دژی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران پەسەند کرد؛ و بڕیارنامەکە بە دەستکەوتێکی دیپلۆماسیی گەورە دادەنرێت بۆ لێپرسینەوە لە بکەرانی توندوتیژییەکان.

ڕۆژی سێشەممە، ٣ی بەفرانباری ١٤٠٤ی هەتاوی “۲۳ی جانیوەری ۲۰۲٦ی زایینی” ئەنجومەنی مافی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان دانیشتنێکی تایبەتی بۆ تاوتوێکردنی دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران ساز کرد. لە دانیشتنەکەدا کە تەرخان کرابوو بۆ خستنەڕووی ڕاپۆرتە بەڵگەدارەکان سەبارەت بە کوشتار و سەرکوتکردنی توندوتیژانەی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پەیامێکی ڕوونی ئاراستەی تاران کرد.
بەپێی زانیارییەکان، بڕیارنامەکە بە پشتیوانیی ٢٥ وڵات پەسەند کرا و لە بەرامبەردا ٧ وڵات دەنگی نەخێریان دا و ١٤ وڵاتیش بێلایەن بوون، بەدەستهێنانی ٢٥ دەنگی بەڵێ، بە ژمارەیەکی پێوانەیی و بێوێنە لە مێژووی بڕیارنامەکانی ئەم ئەنجومەنە دژی ئێران هەژمار دەکرێت، کە ئاماژەیە بۆ فراوانبوونی بەرەی ناڕەزایەتیی نێودەوڵەتی بەرامبەر بە سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی.
ناوەرۆکی بڕیارنامەکە بە ڕوونی جەخت لەسەر دوو خاڵی سەرەکی دەکاتەوە: یەکەمیان، بەدواداچوونی ورد بۆ سەرجەم ئەو پێشێلکارییانەی لە ماوەی ڕابردوودا تۆمار کراون، دووەمیان، کاراکردنی میکانیزمێک بۆ لێپرسینەوە لەو کەس و لایەنانەی بەرپرسن لە ئەنجامدانی توندوتیژی دژی خۆپیشاندەران.
شایانی باسە، ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە کە ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوە جیهانییەکانی مافی مرۆڤ ئاماژە بە بەردەوامیی گوشارە ئەمنییەکان و دەسبەسەرکردنی چالاکوانان لە شارە جیاوازەکانی ئێران و کوردستان دەکەن، ئەم هەنگاوەی نەتەوە یەکگرتووەکانیش وەک هەوڵێک بۆ کۆتاییهێنان بە “لێپرسینەوەنەکردن” لەو وڵاتە لێک دەدرێتەوە.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*