خۆڕاگری: مریەم داودیان، هاووڵاتیی تەمەنی ٥٨ ساڵانی خەڵکی بۆکان، دوای ئەوەی لەلایەن لقی لێکۆڵینەوەی دادسەرای ڕێژیم بانگ کرا، دەسبەسەر کراوە و بۆ یەکێک لە گرتنگەکانی ڕێژیم لە ورمێ گوازراوەتەوە.
ڕۆژی سێشەممە، ٨ی بانەمەڕی ١٤٠٥ی هەتاوی “٢٨ی ئاپڕیلی ٢٠٢٦ی زایینی” ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند: ماوەی زیاتر لە ١٠ڕۆژە، مریەم داودیان، هاووڵاتیی خەڵكی شاری بۆکان لەلایەن داسەرای ڕێژیمی ئێرانەوە لەو شارە بانگ کراوە و پاش لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوە هاوکات گوازراوەتەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە شاری ورمێ، ئەوە لە کاتێکدایە کە ناوبراو دۆخی تەندروستیی ناجێگیرە بنەماڵەکەی لەو بارەیەوە نیگەرانیی خۆیان دەربڕیوە.
ڕۆژی دووشەممە، ٣١ی مانگی گەلاوێژی ئەمساڵ، ناوبراو لەلایەن دەزگا سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە بانگ کراوە و هەرلەوێ دەسبەجێ بە بێ گوێدان بە دۆخی تەندروستیی دەسبەسەریان کردووە و تائێستا لە گرتنگەکانی ڕێژیم لە ورمێ ڕاگیراوە و چارەنووسی ناڕوونە و هەرەها پێش ئەم دەسبەسەرکردنە، ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی خاکەلێوە، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەیان و بەتەواوی ماڵەکەیان پشکنیوە و دەستیان بەسەر کەلوپەلە تایبەتییەکانیدا گرتووە.
جێی ئاماژەیە کە، مریەم داودیان تووشبووی نەخۆشییەکانی شەکرە، تالاسیمیا و ڕۆماتیزمەی جومگەکانە و بنەماڵەکەی ئاماژە بەوە دەکەن کە بێبەشکردنی ناوبراو لە دەرمان و چاودێریی پێویستی پزیشکی لە گرتنگەدا، ژیانی خستووەتە مەترسییەکی جددییەوە و هەروەها تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، تۆمەتی وەپاڵدراو و چارەنووسی لەبەردەستدا نییە و ئەوەش بووەتە هۆی نیگەرنایی جیددی بنەماڵەکەی.

Be the first to comment