هاووڵاتییەکی خەڵكی بانە بۆ جێبەجێکردنی سزاکەی دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانە کرا

خۆڕاگری: مێهدی نەورۆزی، هاووڵاتیی خەڵکی بانە کە پێشتر لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمەوە سزای ٦مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرابوو، بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەی دەسبەسەرکرا و ڕەوانەی بەندیخانەی ئەو شارە کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی شەممە، ١١ی سەرماوەزی ١٤٠٢ی هەتاوی، مێهدی نەورۆزی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری بانە پاش بانگکردنی لەلایەن دادسەرای جێبەجێکردنی سزاکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەو شارە  شارە، دەسبەسەرکرا و بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزای بەندکردنەکەی کە ماوەی ٦مانگە، بۆ بەندیخانەی ناوەندی شاری بانە گوازرایەوە.

مێهدی نەورۆزی، پێشتر لەلایەن دادگای ئینقلابی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە بانە بە سەرۆکایەتی قازی “جەعفەری” بە تۆمەتی هاوکاریکردنی یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ڕێژیمی ئێران، سزای یەک ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرابوو کە ئەو سزایە دواتر لەلایەن دادگای پێداچوونەوە،  گۆڕدرا بۆ شەش مانگ بەندکردن.

جێی ئاماژەیە کە، ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی جۆزەردانی ئەمساڵ، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە لە شاری بانە دەسبەسەرکرا و دوای ٥٨ ڕۆژ ڕاگیران بەدانانی بارمتە و بەشێوەی کاتیی تا کاتی دادگاییکردنەکەی ئازاد کرا.