هاووڵاتییەکی بەندکراوی خەڵکی شنۆ پاش تەواوکردنی سزاکەی ئازاد کرا

خۆڕاگری: ئەبووبەکر ئێراندووست، هاووڵاتیی بەندکراوی خەڵکی شنۆ، پاش تەواوکردنی سزای بەندکردنەکەی کە ماوەی ١ساڵ بوو، لە بەندیخانەی ئەو شارە ئازاد کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی یەکشەممە، ١٢ی سەرماوەزی ١٤٠٢ی هەتاوی، ئەبووبەکر ئێراندووست، هاووڵاتیی بەندکراوی خەڵکی شاری شنۆ، پاش تێپەڕاندنی یەک ساڵ بەندکردن لە بەندیخانەی ناوەندی ئەو شارە ئازاد کرا کە ناوبراو لەلایەن دادگای ئینقلابی کۆماری ئیسلامییەوە لە شنۆ، بەتۆمەتی هاوکاریکردنی یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ڕێژیم، سزای یەک ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرابوو.

ئەبووبەکر ئێراندووست، ڕۆژی دووشەممە، ٢٨ی خەرمانانی ١٤٠٢ی هەتاوی، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە لە شاری شنۆ، بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کرا و دواتر پاش قۆناغی لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوە، ڕەوانەی بەندیخانەی ئەو شارە کرا.