
خۆڕاگری: ئەحمەد شایانپوور، هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان، نزیکەی 20ڕۆژە لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە لەو شارە دەسبەسەرکراوە وتا ئێستا چارەنووسی ناڕوونە.
ڕۆژی شەممە، 18ی سەرماوەزی 1402ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: ئەحمەد شایانپوور، هاووڵاتیی خەڵکی شاری بۆکان، ماوەی 20ڕۆژە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە بۆکان دەسبەسەر کراوە و تا ئێستا چارەنووسی ناڕوونە و ئەوە لە حاڵێکدایە کە بنەماڵەکەی بەردەوام خەریکی بەدواداچوون و هەوڵدانن بۆئەوەی زانیاییەکیان لەسەر چارەنووسی کوڕەکەیان دەست بکەوێ، بەڵام تا ئێستا هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.
لە ماوەی ئەو 20ڕۆژەدا، ئەحمەد شایانپوور هیچ جۆرە پەیوەندییەکی بە بنەماڵەکەیەوە نەکرووە و بنەماڵەکەشی بەردەوام سەردانی ناوەندە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییان لەو شارە کردووە، بەڵام ناوەندە سەرکوتکەرەکان هیچ وڵامێکیان نەداونەتەوە و ئەوەش نیگەرانی لای بنەماڵەکەی دروست کردووە.
جێی ئاماژەیە کە، ناوبار ڕۆژی دووشەممە، 29ی خەزەڵوەری ئەمساڵ، لەڵایەن ژمارەیەک لە هێزە چەکدارەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە لە بۆکان، دەسبەسەر کراوە و تا ئێستاش هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و هەروەڵا چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.