هاووڵاتییەکی دەسبەسەرکراوی خەڵكی سەقز بەشێوەی کاتیی ئازاد کرا

خۆڕاگری: ئەسعەد سەدیقی، ئەندامی دەسبەسەرکراوی گرووپی شاخەوانیی سەقز پاش زیاتر لە ٤٠ڕۆژ ڕاگیران بەشێوەی کاتیی و بەدانانی بارمتەی قورس ئازاد کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی یەکشەممە، ١٦ی خەرمانانی ١٤٠٤ی هەتاوی، ئەسعەد سەدیقی، ئەندامی گرووپی شاخەوانی هەڵۆ و هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵكی شاری سەقز پاش ٤١ڕۆژ دەسبەسەربوون، بەدانانی بارمتەی قورس بە بڕی یەک ملیاردتمەن و بەشێوەی کاتیی تاکاتی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی سەقز ئازاد کرا.

ناوبراو ڕۆژی چوارشەممە، ٢٥ی پووشپەڕی ئەمساڵ لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کرا و پاش لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوە لە یەکێک لە گرتنگەکانی ڕێژیم گوازرایەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی سەقز و هەروەها ناوبراو ئەندامێکی چالاکی شاخەوانیی “هەڵۆ”ـی سەقزە و تائێستا هیچ زانیارییەکی راست و دروست لەسەر چارەنووسی لەبەردەستدا نییە.