ئازادبوونی کاتیی چالاکێکی کرێکاریی خەڵكی سنە پاش مانگێک ڕاگیران

خۆڕاگری: خەبات دێهدار، چالاکی کرێکاری و بەندکراوی سیاسیی پێشووی خەڵکی سنە، پاش تێپەڕبوونی ٣٢ ڕۆژ ڕاگیران، بە دانانی بارمتە لە بەندیخانەی ئەو شارە ئازاد کرا.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی شەممە، ٢٣ی ڕەشەمەی ١٤٠٤ی هەتاوی “١٤ی ماسی ٢٠٢٦ی زایینی” خەبات دێهدار هاووڵاتیی دەسبەسەرکرا و بەندکراوی سیاسیی پێشووی خەڵكی شاری سنە پاش زیاتر لە مانگێک دەسبەسەربوون، بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی تاکاتی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە ئازاد کرا.

ناوبراو ڕۆژی سێشەممە، ٢١ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ی هەتاوی، لە شوێنی کارەکەی و بەبێ بوونی هیچ جۆرە بەڵگەیەکی یاسایی، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کرابوو و هاوکات لەگەڵ دەسبەسەرکردنی، هێزە سەرکوتکەرەکان هەڵیانکوتابووە سەر ماڵی باوکی و پاش تێکدانی کەلوپەلی ناوماڵەکەیان، دەستیان بە پشکنینی ورد کردبوو.

جێی ئاماژەیە خەبات دێهدار پێشتریش لە مانگی خەزەڵوەری ١٤٠٢ی هەتاویدا، لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ڕێژیم لە سنە بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە بەدژی نیزامی ڕێژیم” سزای ١٢ مانگ بەندکردنی هەڵپەسێردراوی بەسەردا سەپێندرابوو و هەروەها تائێستا هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەم چالاکە کرێکارییە لەبەردەستدا نییە.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*