خۆڕاگری: شێرکۆ تابناک، بەندکراوی سیاسیی پێشووی خەڵكی بۆکان، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە دەسبەسەر و بێسەروشوێنە.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی شەممە، ٥ی بانەمەڕی ١٤٠٥ی هەتاوی “٢٥ی ئاپڕیلی ٢٠٢٦ی زایینی” شێرکۆ تابناک، بەندکراوی سیاسیی پێشووی کورد و هاووڵاتیی خەڵكی شاری بۆکان، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێرانەوە کە هەڵیانکوتاوەتە سەرماڵەکەیان، بەشێوەیەکی دڕەندانە و بە بەکارهێنانی کردەوەی توندوتیژی، دەسبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
ناوبراو پێشتریش چەندجارێک بەهۆی چالاکییە سیاسی و مەدەنییەکانییەوە لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە و لانیکەم دوو جار لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمەوە سزای بەندکردنی بەسەردا سەپێندرابوو و دوای تەواوبوونی ماوەی سزاکەی، لە بەندیخانە ئازاد ببوو.
سەرەڕەای تێپەڕبوونی پێنج ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکردنی ناوبراودا، تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی لەبەردەستدا نییە و هەوڵ و بەدواداچوونی بنەماڵەکەشی بێئاکام ماوەتەوە.

Be the first to comment