ناڕوونی چارەنووسی هاووڵاتییەکی دەسبەسەرکراوی خەڵکی سەقز پاش زیاتر لە ١٥ڕۆژ

خۆڕاگری: هێمن حوسێنی، هاووڵاتیی خەڵکی سەقز ماوەی زیاتر لە ١٥ڕۆژە لەلایەن دەزگا سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کراوە و چارەنووسی نادیارە.

ڕۆژی پێنجشەممە، ١٠ی بانەمەڕی ١٤٠٥ی هەتاوی “٣٠ی ئاپڕیلی ٢٠٢٦ی زایینی” ماڵپەڕێ ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: ماوەی ١٧ڕۆژە هێمن حوسێنی، بەندکراوی سیاسیی پێشووی کورد و هاووڵاتیی خەڵكی شاری سەقز، لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە بانگ کراوە و دواتر هەرەلەوێ دەسبەجێ دەسبەسەر کراوە و تائێستا چارەنووسی نادیارە.

ناوبراو ڕۆژی سێشەممە، ٢٥ی خاکەلێوەی ئەمساڵ، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە بانگ کرا و هەرلەوێ دەسبەسەر کراوە و هەروەها سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە ١٥ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکردنی تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی لەبەردەستدا نییە و هەوڵ و بەدوداچوونی بنەماڵەکەشی بێئاکام ماوەتەوە.

جێی ئاماژەیە کە، هیمن حوسێنی لە چالاکوانانی ناسراوی ناوچەکەیە و پێشتریش چەندین جار بەهۆی چالاکییە مەدەنی و سیاسییەکانییەوە ڕووبەڕووی لێپرسینەوە و گرتن بووەتەوە و تەنیا ماوەیەکی کەم لەمەوبەر و دوای تێپەڕاندنی ماوەیەک لە بەندیخانەی ناوەندیی سەقز ئازاد کرابوو، بەڵام دیسانەوە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرایەوە.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*