هاووڵاتییەکی دەسبەسەرکراوی خەڵکی پیرانشار بەدانانی بارمتە ئازاد کرا

خۆڕاگری: عوسمان گەلاوێژی، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی پیرانشار، پاش زیاتر لە ٤٠ڕۆژ ڕاگیران بەشێوەی کاتیی ئازاد کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی سێشەممە، ١٩ی پووشپەڕی ١٤٠٣ی هەتاوی، عوسمان گەلاوێژی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری پیرانشار لە زیاتر لە ١مانگ و ١٠ڕۆژی لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراوە، بەدانانی بارمتە و بەشێوەی کاتیی لە بەندیخانەی ناوەندی شاری نەغەدە تاکاتی دادگاییکردنەکەی ئازاد کرا.

ناوبراو ڕۆژی پێنجشەممە ١٠ی جۆزەردانی ئەمساڵ، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کرا و دەستیان بە سەر مۆبایلەکەشیدا گرت و هەروەها تائێستاش هیچ زانیارییەکی ڕاست و لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، تۆمەتە وەپاڵدراوەکانی و چارەنووسی لە بەردەستدا نییە.