خۆڕاگری: چوار هاووڵاتیی خەڵكی بۆکان بەناوەکانی سولەیمان ئیسماعیلی، دیار ڕەسووڵپوور، ئەحمەد زرنگ و دیار حاجیڕەسووڵپوور، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” بەرەبەیانیی ڕۆژی هەینی، ١٤ی سەرماوەزی ١٤٠٤ی هەتاوی (٥ی ١٢ی ٢٠٢٥ی زایینی) سولەیمان ئیسماعیلی، دیار ڕەسووڵپوور، ئەحمەد زرنگ و دیار حاجیڕەسووڵپوور، چوار هاووڵاتیی خەڵكی گوندەکانی دەوروبەر و شاری بۆکان لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەک بەشێوەیەکی دڕەندانە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەو چوار هاووڵاتییە و وێڕای دروستکردنی دۆخێکی ترسێنەر بە بەکارهێنانی کردەوەی توندوتیژی و لێدان، دەسبەسەریان کردوون و ڕفاندوویانن بۆ شوێنێکی نادیار و تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسیان لەبەردەستدا نییە و هەوڵ و بەدوداچوونی بنەماڵەکانیشیان بێئاکام ماوەتەوە.
