خۆڕاگری: سزای لەسێدارەدانی دوو بەندکراوی سیاسی بە ناوەکانی حامید وەلیدی و محەممەد مەعسوومشاھی، لەلایەن ڕێژیمەوە لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری کەرەج جێبەجێ کرا.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە، ٣١ی خاکەلێوەی ١٤٠٥ی هەتاوی “٢٠ی ئاپڕیڵی ٢-٢٦ی زایینی” حامید وەلیدی و محەممەد مەعسوومشاهی، کە پێشتر لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمی ئێرانەوە بە تۆمەتی ئەندامەتی لە ڕێکخراوی موجاهیدینی خەلق و سیخوڕیکردن بۆ دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل (مووساد) سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی کەرەج سزاکەیان جێبەجێ کرا و لەسێدارە دران.
حامید وەلیدی و محەممەد مەعسوومشاھی لە ڕێکەوتی ٢٣ی بانەمەڕی ساڵی ١٤٠٣ی هەتاوی، لە تاران لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرابوون و ڕەوتی دادگاییکردنەکەیان لە لقی سێهەمی دادگای ئینقلابی کۆماری ئیسلامی لە کەرەج بەڕێوەچوو کە بە بڕوای چالاکوانانی مافی مرۆڤ، پرۆسەیەکی نادادپەروەرانە بووە.
جێی ئاماژەیە کە، ئەو دوو بەندکراوە لە تەواوی ماوەی دەسبەسەری و پرۆسەی دادگاییکردندا لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەری بێبەش کرابوون و لەژێر گوشار و ئەشکەنجەی توندی ناوەندە سەرکوتکەرەکاندا بوون.

Be the first to comment