دەسبەسەرکردنی مێرمنداڵێکی خەڵکی مەهاباد لەلایەن چەکدارانی ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: پوویا خزری، مێرمنداڵی تەمەن ١٧ساڵانی خەڵکی مەهاباد لەلایەن هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی سێشەممە، ١٨ی ڕەزبەری ١٤٠٢ی هەتاوی، پوویا خزری، مێرمنداڵی تەمەن ١٧ساڵانی خەڵکی شاری مەهاباد، لەلایەن هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامییەوە کە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەیان، بەبێ بوونی هیچ بەڵگەنامەیەکی قەزایی و یاسایی بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەریان کردووە و لەگەڵ خۆیان بروویانە.

پوویا خزری، پاش ئەوەیکە لەلایەن هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی لە گەڕەکی “پشت‌تەپە”ـی ئەو شارە دەسبەسەر کراوە، گوازراوەتەوە بۆ یەکێک لە گرتنگەیەکی ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە شاری ورمێ و ئەوەش نیگەرانییە زۆری لای بنەماڵەکەی دروست کردووە و کە نازانن هۆکاری دەسبەسەرکردنەکەی چییە و هەروەها ناوەندە سەرکوتکەرەکانیش لەو بارەیەوە هیچ زانیارییەکیان پێ‌نەداون.