هاووڵاتییەکی دەسبەسەرکراوی خەڵکی دیواندەرە بەشێوەی کاتیی ئازاد کرا

خۆڕاگری: ئاکۆ ئەفراسیابی، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی شاری دیواندەرە، بەدانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی لە بەندیخانەی ئەو شارە ئازاد کراو.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی یەکشەممە، ١٦ی ڕەزبەری ١٤٠٢ی هەتاوی، ئاکۆ ئەفراسیابی، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی دیواندەرە کە نزیکەی ١٠ڕۆژە لەلایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە، بەدانانی بارمتەی قورس بە بڕی ٥٠٠ملیۆن تمەن بەشێوەی کاتیی لە بەندیخانەی ئەو شارە تاکاتی دادگاییکردنەکەی ئازاد کراوە.

ئاکۆ ئەفراسیابی، ڕۆژی چوارشەممە، ٢٩ی خەرمانانی ئەمساڵ، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە لە دیواندەرە کە هەڵیانکوتاوەتەوە سەر ماڵەکەیە، بەبێ بوونی هیچ بەڵگەنامەیەکی قەزایی و یاسایی، بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر کرابوو و هەروەها لە ماوەی دەسبەسەربوونیدا لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەریی کرابوو.