دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی خەڵکی پیرانشار بۆ جێبەجێکردنی سزای بەندکردن

خۆڕاگری: وەفا ڕەسووڵی‌ئازەر، خەڵکی پیرانشار و دەسبەسەرکراوی شۆڕشی ژینا، بەمەبەسەتی جێبەجێکردنی سزای بەندکردنەکەی دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانە کرا.

بەپێێ هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی پێنجشەممە، ١٤ی بەفرانباری ١٤٠٢ی هەتاوی، وەفا ڕەسووڵی‌ئازەر، هاووڵاتیی تەمەن ١٩ساڵانی خەڵکی پیرانشار و یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی شۆڕشی ژینا لەو شارە، بەمەبەسەتی جێبەجێکردنی سزای ٢٦مانگ و ١٨ڕۆژ بەندکردن، دوای بانگکرانی بۆ ناوەندی جێبەجێکردنی سزاکانی کۆماری ئیسلامی لە پیرانشار دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی نەغەدە کرا.

وەفا ڕەسووڵی‌ئازەر مانگی بانەمەڕی ئەمساڵ لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای تاوانەکانی ٢ی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە پیرانشار بە سەرۆکایەتی قازی “ڕەزا قارەمانلوو” بەتۆمەتی سووتاندنی بە ئەنقەستی بەنێری ئیدارەی ئیتلاعات، سزای ١١ مانگ و ١٦ ڕۆژ بەندکردن، بەتۆمەتی نافەرمانیکردن لە هێزەکانی ڕێژیم، سزای ٧ مانگ و ١٦ ڕۆژ بەندکردن و بە تۆمەتی بەشداریکردن لە تێکدانی ئاسایشی گشتی، سزای ٧ مانگ و ١٦ ڕۆژ بەندکردن و ٤٠ زەربە قامچیی بەسەردا سەپێندرابوو.

جێی ئاماژەیە کە، ناوبراو ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو، لە درێژەی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر و بۆ یەکێک لە گرتنگەکانی ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە ورمێ گوازرابۆوە و هەروەها لە ئاکامدا دوای تێپەڕبوونی ٣مانگ و ١٠ڕۆژ دەسبەسەربوون، ڕۆژی هەینی ٨ی بانەمەڕی ئەمساڵ بەدانانی بارمتە و بەشێوەی کاتیی تا کاتی دادگاییکردنەکەی ئازاد کرابوو.