دەسبەسەرکراوێکی شۆڕشی ژینا لە ئیلام بۆ جێبەجێکردنی سزای بەندکردن ڕەوانەی بەندیخانە کرا

خۆڕاگری: موسەیب فەتاحبەیگی، هاووڵاتیی خەڵکی ئیلام و دەسبەسەرکراوی شۆرشی ژینا بەمەبەستی تێپەڕاندنی سزای ٢ ساڵ و ٦ مانگ بەندکردن، دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی ئەو شارە کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی چوارشەممە، ١٣ی بەفرانباری ١٤٠٢ی هەتاوی، موسەیب فەتاحبەیگی هاووڵاتیی خەڵکی شاری ئیلام و یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی خۆپیشاندانە سەرانسەرییەکانی شۆڕشی ژیان لەو شارە، دوای ئەوەیکە لەلایەن لقی ٣ی جێبەجێکردنی سزای تاوانەکانی دادگای گشتی و ئینقلابی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە لە ئیلام بانگ کراوە، بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزای ٢ ساڵ و ٦ ساڵ بەندکردن، دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە کراوە.

موسەیب فەتاحبەیگی، وەرزی هاوینی ئەمساڵ لەلایەن دادگای ئینقلابی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە پارێزگای ئیلام، بە تۆمەتی بەشداریکردن لە خۆپیشاندانە سەرانسەرییەکانی دژبە حکوومەتی ئاخووندی، سزای ٢ ساڵ و ٦ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا و هەروەها مانگی سەرماوەزی ساڵی ڕابردوو لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا و پاش چەند مانگ ڕاگیران بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتیی تا کاتی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانە ئازاد کرا.