دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی خەڵکی نەغەدە لەلایەن چەکدارانی ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: محەممەد ئەمینی‌فەر، هاووڵاتیی خەڵکی نەغەدە، لەلایەن چەکدارانی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی دووشەممە، ١١ی بەفرانباری ١٤٠٢ی هەتاوی، هێزە داگیرکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە شاری نەغەدە محەممەد ئەمینی‌فەر، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی “عەلیاوا”ـی سەربەو شارەیان لە ماڵەکەی خۆیدا بەشێوەی توندوتیژی و بێڕێزیکردن دەسبەسەر کرد.

هێزە داگیرکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەبێ بوونی هیچ بەڵگەنامەیەکی یاسایی و قەزایی، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەو هاووڵاتییە و وێڕای دروستکردنی دۆخێکی ترساندن و بێڕێزیکردن بە ئەندامانی ئەو بنەماڵەیە، ناوبراویان دەسبەسەر کرد و بۆ یەکێک لە گرتنگەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە ورمێ گواستیانە و تائێستا چارەنووسی ناڕوونە.

جێێ ئاماژەی کە، سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە دەسبەسەرکراوە، تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن و چارەنووسی لە بەردەستدا نییە و بنەماڵەکەشی سەبارەت بە بارودۆخی کوڕەکەیان نیگەرانن.