بەڕێوەچوونی گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی دژی هێرشەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان و حیزبەکانی ڕۆژهەڵات

ڕۆژی سێشەممە ١ی بانەمەڕ، لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی بۆ سەرکۆنەکردنی هێرشە درۆنی و مووشەکییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان و کەمپە مەدەنییەکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوە چوو.

ئەم گردبوونەوەیە کە لەلایەن لێژنەی كاری هاوبەشی چەپی كوردستان ڕێک خرابوو و چالاکانی مەدەنی و سیاسیی خەڵکی باشووری کوردستان و پارچەکانی دیکەی کوردستان تێیدا بەشدار بوون، بە سروودی ئەی ڕەقیب و ساتێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێ کرد.

پاشان بە ئامادەبوونی دەزگاکانی ڕاگەیاندن، بەیاننامەی لێژنەی كاری هاوبەشی چەپی كوردستان خوێندرایەوە و تێیدا وێڕای ئیدانەکردنی هێرشەکانی ڕێژیمی ئێران، داوا لە حکوومەتی فێدراڵی عێراق و ناوەند و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، بەتایبەتی ناوەندەکانی مافی مرۆڤ کرا، سنوورێک بۆ ئەم دەستدرێژییانەی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان و کەمپەکانی خەڵکی سڤیل دابنرێت.

لە گردبوونەوەکەدا، ناڕازییان وێنەی شەهیدانی هێرشەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان و کەمپەکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتیان بەرز کردەوە و دروشمیان دژی ڕێژیمی ئێران گوتەوە.

شایانی باسە، لەم گردبوونەوەیەدا، ئەندامانی ڕێکخراوە مەدەنی و دێموکراتیکەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەشدار بوون.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*