دەسبەسەرکردن و ناڕوونی چارەنووسی هاووڵاتییەکی خەڵکی مەریوان

خۆڕاگری: هاووڵاتییەکی خەڵکی مەریوان بەناوی “مێهدی وەلیزادە” پاش تێپەڕبوونی نزیکەی ١٠ڕۆژ دەسبەسەربوون لەلایەن ڕێژیمەوە، تائێستا چارەنووسی ناڕوونە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی شەممە، ٢٩ی بانەمەڕی ١٤٠٣ی هەتاوی، مێهدی وەلیزادە، هاووڵاتیی خەڵکی شاری مەریوان، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە لە ماڵەکەی خۆیدا بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر و گوازرایەوە بۆ شوێنێکی نادیار و لەو کاتەوە تائیستا نزیکەی ١٠ڕۆژ تێدەپەڕێت چارەنووسی نادیارە.

سەرەڕای هەوڵ و بەدواداچوونی بنەماڵەی ناوبراو بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی، تاکوو ئێستاش هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و هەروەها چارەنووسی لە بەردەستدا نییە و ناوەندە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیش لەو بارەیەوە هیچ وڵامێکیان بەو بنەماڵەیە نەداوەتەوە و ئەوەش بووەتە هۆی نیگەرانیی ئەو ماڵباتە.