دەسبەسەرکردنی سێ هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان لەلایەن چەکدارانی ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: سێ هاووڵاتیی کاسبکاری خەڵکی بۆکان بە ناوەکانی “سەید ئەسعەد یوسفی، مستەفا ڕەوشەنی و قارەمان لوتفی، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراون.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی چوارشەممە، ٥ی ڕەزبەری ١٤٠٢ی هەتاوی، سەید ئەسعەد یوسفی، مستەفا ڕەوشەنی و قارەمان لوتفی سێ هاووڵاتیی کاسبکاری بازاڕی شاری بۆکان، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە لەو شارە، بەبێ بوونی هیچ بەڵگەنامەیەکی قەزایی و یاسایی لە شوێنی کارەکەی خۆیان دەسبەسەر کراون.

شایانی باسە کە، دوای دەسبەسەرکردنیان سەرەڕای ئەوەیکە بنەماڵەکانیان هەوڵی زۆریان داوە کە ئاگاداری دۆخ و چارەنووسیان بن، بەڵام تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن و چارەنووسیان لە بەردەستدا نییە و ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمیش لەو بارەیەوە هیچ زانیارییەکیان بە بنەماڵەکانیان نەداوە.