دەسبەسەرکردنی خوشکی شەهیدێکی شۆڕشی ژینا و سێ هاوڕێی لەلایەن ڕێژیمەوە لە بۆکان

خۆڕاگری: سۆلماز حەسەنزادە، خوشکی یەکێک لە شەهیدانی شۆڕشی ژینا و سێ هاوڕێی دیکەی بەناوەکانی “شەیدا ڕەزایی، سیمین خەیات و شیرین خەیات لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی چوارشەممە، ٥ی ڕەزبەری ١٤٠٢ی هەتاوی، سۆڵماز حەسەنزادە، خوشکی محەممەد حەسەنزادە، یەکێک لە شەهیدانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیی خەڵکی شاری شاری بۆکان و هەروەها شەیدا ڕەزایی، سیمین خەیات و شیرین خەیات کە هەرسێکیان هاوڕێی سۆڵمازن لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بەبێ بوونی بەڵگەنامەی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کراون.

ئەو چوار هاووڵاتییەی خەڵکی شاری بۆکان، لە کاتێکدا دەسبەسەر کراون کە لە شاری بۆکانەوە بەرەو شاری سەقز دەڕۆیشتن، هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی هەڵیانکوتاوەتە سەریان بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەریان کردووە و ئەوەندە دەرفەتیان پێ دراوە کە لە پێوەندییەکی کورتی تەلەفوونیدا هەواڵی دەبەسەرکردنیان بە بنەماڵەکانیان داوە و دواتر گواستوویاننەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

شایانی باسە کە، تا ئێستا هیچ زانیارییە ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و هەروەها چارەنووسی ئەو چوار هاووڵاتییە دەسبەسەر کراوە لە بەردەستدا نییە و هەروەها سۆڵماز حەسەنزادە پشتریش لە ناوەڕاستی مانگی خەرماناندا جارێکی دیکە دەسبەسەر کرابوو.