چالاکێکی مەدەنیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی دێولان بە دانانی بارمتە ئازاد کرا

خۆڕاگری: ئازاد عەباسی، چالاکی مەدەنی و مامۆستای زمانی کوردیی خەڵکی دێولان، بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتیی لە بەندیخانەی ناوەندی سنە ئازاد کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆراگری” ڕۆژی یەکشەممە، ٢ی ڕەزبەری ١٤٠٢ی هەتاوی، ئازاد عەباسی، چالاکی مەدەنی و مامۆستای زمانی کوردیی خەڵکی دێولان، کە نزیکەی یەک حەوتوو لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کرابوو، بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتیی تا کاتی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی ناوەندی شاری سنە ئازاد کرا.

ئازاد عەباسی، ڕۆژی دووشەممە، ٢٧ی خەرمانانی ١٤٠٢ی هەتاوی، بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیەوە دەسبەسەر کراو و دواتر بەمەبەستی لێپرسینەوە گوازرایەوە بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە سنە، هەروەها تائێستا هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی کە دراوەتە پاڵ ناوبراو  لە بەردەستدا نییە.