سێ هاووڵاتیی خەڵكی پیرانشار بۆ جێبەجێکردنی سزای بەندکردن ڕەوانەی بەندیخانە کران

خۆڕاگری: شوانە، ئەحەد و ئومید خزرنژاد، سێ هاووڵاتیی خەڵكی پیرانشار بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای بەندکردنەکەیان ڕەوانەی بەندیخانەی نەغەدە کراون.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی دووشەممە، ١٩ی خەزەڵوەری ١٤٠٤ی هەتاوی، شوانە خزرنژاد، ئەحەد خزرنژاد و ئومید خزرنژاد، سێ هاووڵاتیی خەڵکی گوندی “گردەبن”ـی سەربە شاری پیرانشار بە مەبەستی تێپەڕاندی سزای ٩ساڵ بەندکردن دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە کراون.

ئەو سێ هاووڵاتییە پێشتر لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی ئیسلامیی ڕێژیمەوە لە مەهاباد بەتۆمەتی هاوکاریکردن لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەی ڕێژیمی ئێرانە، هەرکامیان سزای سێ ساڵ بەندکردنیان بەسەردا سەپێندرا و هەروەها ڕۆژی دووشەممە، ٢ی ڕێبەندانی ١٤٠٢ی هەتاوی، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کران.