خۆڕاگری: کیانووش عادڵپوور، هاووڵاتیی خەڵکی سەقز لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر کراوە.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی پێنجشەممە، ٦ی خاکەلێوەی ١٤٠٥ی هەتاوی “٢٦ی مارسی ٢٠٢٦ی زاینیی” ژمارەیەکی زۆر لە هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە شاری سەقز، بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی هەڵیانکوتاوەتە سەرماڵی کیانووش عادڵپوور بە بەکارهێنانی کردەوەی توندوتیژی دەسبەسەریان کردووە و ڕفاندوویانە بۆ شوێنێکی نادیار و تائێستا چارەنووسی نادیارە.
هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم، سەرەڕای دەسبەسەرکردنی ناوبراو، بە تەواوی ماڵەکەشیان پشکنیوە و دەستیان بەسەر کەلوپەلە تایبەتییەکانیدا گرتووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە و تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی لەبەردەستدا نییە و هەوڵ و بەدواداچوونی بنەماڵەکەشی بێئاکام ماوەتەوە.

Be the first to comment