دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی خەڵکی دیواندەرە لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: هاووڵاتییەکی خەڵکی دیواندەرە بەناوی “سولەیمان گوڵی” لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کراوە و چارەنووسی نادیارە.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی یەکشەممە، ٩ی سەرماوەزی ١٤٠٤ی هەتاوی (٣٠ی ١١ی ٢٠٢٥ی زایینی)، سولەیمان گوڵی، هاووڵاتیی خەڵكی شاری دیواندەرە لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

ناوبراو لە پاش دەسبەسەرکردنییەوە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیم، تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی لەبەردەستدا نییە و هەوڵ و بەدوداچوونی بنەماڵەکەشی بێئاکام ماوەتەوە و هەروەها ئەو هاووڵاتییە چوار ساڵ لەمەوبەریش جارێکی دیکە لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی تارانەوە دەسبەسەر کرابوو و دواتر بەدانانی بارمتەی ٣٠٠ملیۆن‌تمەنی و و بەشێوەی کاتیی ئازاد کرابوو.