خۆڕاگری: لە درێژەی گوشار و شەپۆلی دەسبەسەرکردنە هەڕەمەکییەکان لە کوردستان، ژمارەیەک هاووڵاتی و چالاکوان لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون.
ڕۆژی شەممە، ١١ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ی هەتاوی “٣١ی جانیوەری ٢٠٢٦ی زایینی” ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: ڕۆژی پێنجشەممە، ٩ی ڕیبەبەندانی ١٤٠٤ی هەتاوی، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێران لە شاری ئیلام بە شێوەیەکی دڕەندانە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی دوو برا بە ناوەکانی ئێحسان و ئەحمەد پاکڕەوان و بە بەکارهێنانی کردەوەی توندوتیژی ئەحمەدیان دەسبەسەریان کردوون و ئیحسان هەرچەندە توانیویەتی لە شوێنی ڕووداوەکە دەرباز بێت، بەڵام بەهۆی نەبوونی زانیاری لەسەری، مەترسی دەسبەسەرکردنی لەسەرە.
شەپۆلی دەسبەسەرکردنەکانی ڕێژیم بەردەوامە و تەنها چالاکوانانی نەگرتووەتەوە، بەڵکوو توێژە جیاوازەکانیشی کردووەتە ئامانج و ڕۆژی چوارشەممە ٩ی ڕێبەبەندانی ١٤٠٤ی هەتاوی، لە شاری ئاودانان هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسدران، ئەحمەد عەلیزادە کە مامۆستای وەرزشە، دەسبەسەریان کردووە و گواستوویانەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
هەروەها ڕۆژی سێشەممە، ٨ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ی هەتاوی، لە شاری سەردەشت، هاووڵاتییەک بە ناوی ڕامیار تەبەرخون لە ناو دوکان و شوێنی کارەکەی خۆیدا دەسبەسەر کراوە و هاوکات لە شاری سەقزیش هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بە سێ ئۆتۆمبێلی پڕ لە چەکدارەوە چوونەتە سەر دووکانی سۆران سەحراگەرد و دەسبەسەریان کردووە و بردوویانە بۆ یەکێک لە گرتنگەکانی ڕێژیم لە شاری سنە.
ڕۆژی پێنجشەممە، ١٨ی مانگی بەفرانباری ئەمساڵ، لەکاتی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکاندا لە شاری کرماشان، لاوێک بە ناوی فەرشاد نادری، بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کراوە و پاش لێکۆڵینەوە گواستوویانەتەوە بۆ بەندیخانەی دیزڵاوا.
هاوکاتی ڕۆژانی پێنجشەممە و هەینی، ١٨ و ١٩ی بەفرانبار لەکاتی خۆپێشاندانەکاندا، لە ناوچە جیاوازەکانی تری پارێزگای ئیلام، ناسنامەی چەند هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی تر ئاشکرا کراوە کە بریتین لە: هێژا ئومیدی خەڵکی مەلەکشاهی، عەبدوڵڵا ساربێگی خەڵکی سیروان، لە شاری تاران دەسبەسەر کراوە، سەعید کەریمبێگی خەڵکی بەدرە، لە ناو ماڵەکەی خۆیدا ڕفێندراوە، مستەفا کەمەرخانی خەڵکی گوندی حەسەن گاویاری سەر بە سیروان.
جێی ئاماژەیە کە، تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی ئەو هاووڵاتییانە کراون لەبەردەستدا نییە و هەوڵ و بەدوداچوونی بنەماڵەکانیان بێئاکام ماوەتەوە و ناوەندی سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمیش لەو بارەیەوە هیچ وڵامێکیان بە بنەماڵەکانیان نەداوە.

Be the first to comment