چالاکوانێکی خڵكی سنە بۆ جێبەجێکردنی سزای بەندکردن ڕەوانەی بەندیخانە کرا

خۆڕاگری: هێرش زەندی‌ناوگەڕان، چالاکوانی مەدەنیی خەڵكی سنە، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای شەش مانگ بەندکردن ڕەوانەی بەندیخانە کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی شەممە، ٢٤ی خەزەڵوەری ١٤٠٤ی هەتاوی، هێرش زەندی‌ناوگەڕان، چالاکوانی مەدەنی و بەندکراوی سیاسیی پێشووی خەڵكی شاری سنە بە مەبەستی جێبەجێکرنی سزای شەش مانگ بەندکردن دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە کرا.

ناوبراو لەلایەن ژمارەیەک لە چالاکوانانی خەڵكی سنە و دەوروبەری تا بەردەری بەندیخانە ڕەوانەی کراوە کە پێشتر بەهۆی چالاکی مەدەنی لە ڕاستای سڕینەوە توندوتیژی لە کۆمەڵگەدا، لەلایەن دادگای ئینقلابی ئیسلامیی ڕێژیمەوە، سزای شەش مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرابوو.

جێی ئاماژەیە کە هێرش زەندی‌ناوگەڕان، ڕۆژی دووشەممە، ١ی ڕێبەندانی ئەمساڵ لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە کە هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکەیان، بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر کرا و پاش مانگێک ڕاگیران بەدانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی تاکاتی دادگاییکردنەکەی ئازاد کرا.