دەسبەسەرکردنی دوو هاووڵاتیی خەڵکی سەقز لەلایەن ڕێژیی ئێرانەوە

خۆڕاگری: عەبدوڵڵا مەهجوور و سالا ئازەر، دوو هاووڵاتیی خەڵکی سەقز لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی چوارشەممە، ٢٠ی ڕەشەمەی ١٤٠٤ی هەتاوی “١١ی مارسی ٢٠٢٦ی زایینی” هێزە داگیرکەرەکانی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لە دەوروبەری شاری بانە دوای گەمارۆدانی ئۆتۆمبێلێک دەستبەجێ داویانەتە بەر دەسڕێژی گوللـە و لەئاکامدا هاووڵاتییەک بە ناوی “ئارمان خالق‌پەنا”، شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە گیانی لەدەست داوە و دواتر عەبدوڵڵا مەهجوور و سالا ئازەر، دوو سەرنشینەکەی دیکە کە هەموویان خەڵکی سەقزن، لەلایەن هێزەکانی سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە بە بەکارهێنانی کردەوەی توندوتیژی دەسبەسەر کراون.

بەپێی زانیارییەکان، تەرمی ئارمان خالق‌پەنا تائێستا ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە و لە لایەکی دیکەشەوە سەرەڕای تێپەڕبوونی پێنج ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکردنی ئەو هاووڵاتییانەدا، بەدواداچوونی بنەماڵەکانیان بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنیان بێئاکام ماوەتەوە و هەروەها دوای دەسبەسەرکردنی ئەو هاووڵاتییانە، هێزە سەرکوتکەرەکانی سپای تێرۆریستی ڕێژیم هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی بنەماڵەکانیان و بە دروستکردنی کەشێکی ترس و تۆقاندن، ماڵەکانیان پشکنیون.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*