ڕاپۆرتی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکان لەسەر چوار بەندکراوی سیاسیی کورد کە یەک ساڵە چارەنووسیان ناڕوونە

ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری، ڕاپۆرتێک لەسەر چوار بەندکراوی سیاسیی کورد کە ماوەی یەک ساڵە لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دا چارەنووسیان ناڕوونە.
ڕۆژی یەکشەممە، ١ی گەلاوێژی ١٤٠٢ی، یەک ساڵ بەسەر دەسبەسەر کردنی چوار بەندکراوی سیاسیی کورد بەناوەکانی “موحسین مەزڵووم، محەممەد فەرامەرزی، وەفا ئازەربار و پژمان فاتیحی، تێدەپەڕێ،کە ساڵێک لەمەوپێش لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە لە سەر مەرزی ورمێ نێوان باشور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەسبەسەرکراون و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسیان لە بەردەستدانییە و بەمەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ ئەو بەندکراوانە لە ژێر ئەشکەنجەی دەروونی و جەستەییدا بوونە.
خۆڕاگری لە ڕاپۆرتەکەیدا ڕایگەیاند؛ موحسین مەزڵووم، تەمەن ٢٧ ساڵی خەڵکی مەهاباد، محەممەد فەرامەرزی تەمەن ٢٨ ساڵی خەڵکی دێولان، وەفا ئازەربار، تەمەن ٢٦ ساڵی خەڵکی بۆکان و پژمان فاتیحی، تەمەن ٢٨ ساڵی خەڵکی کامیاران، بەبێ دەسپێڕاگەیشتینان بە سەرەتاییترین مافی بەندکراوێکی سیاسیی، تائێستا لە ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم دەسبەسەرن و هیچ زانیارییەک لەسەر شوێنی ڕاگیرانیان لەبەردەستدانییە، لە حاڵێکدا بنەماڵەکانیان بەردەوام بەدواداچوونیان بۆ چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی کوڕەکانیان کردووە، بەڵام لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکان هیچ وڵامێکیان نەدراوەتەوە.
شایانی باسە کە، لە مانگی گەلاوێژی١٤٠١ی هەتاوی، ڕاگەیاندنەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بڵاویان کردەوە کە چوار کەس لە ئەندامانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێرانی بە ئەسلەحەوە دەسبەسەر کردوون، کەویستوویانە دامەزراوە ناوکییەکانی ئیسفەهان بتەقێننەوە.
کۆمەڵە دوای ئەوە  ڕاگەیەندراوێکی فەرمی بڵاو کردەوە و بانگەشەکانی کۆماری ئیسلامیی وەدەرۆ خستەوە و  ڕاگەیاند کە ئەو سیناریۆیانەی ڕێژیم بۆ سەرکوتی زیاتری خەڵک و خۆپیشاندەران دروستکراون.
ناوەندە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی، دوو جار دانپێدانانی زۆرەملێی ئەو چوار بەندکراوە سیاسییەیان بڵاو کردۆتەوە کە ئەو کارەی ناوەندە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی دوورە لە هەموو پرینسپەکانی ئینسانی و مافی مرۆڤ کە تەنها بە مەبەستی دووسییە درووست کردن کەڵکی ڵێ وەردەگرێت.
بنەماڵەی ئەو چوار بەندکراوە سیاسییە بەشێوەیەکی بەردەوام لە لایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بانگ کراون هەڕەشەی  دەسبەسەرکردنیان لێ دەکرێت.
ئەو چوار ئەندامەی ” کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران”، ڕۆژی ١ی گەلاوێژی ١٤٠١ی هەتاوی، لە گوندی “یەنگیجە”ـی سەر بە ناوچەی برادۆستی ورمێ دەسبەسەر کرابوون.