ڕفاندنی سێ هاووڵاتیی خەڵکی ئاودانان لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: غوڵامڕەزا تەوحیدی و کوڕەکەی بە ناوی کامبیز تەوحیدی و هاووڵاتییەکی دیکەی بەساڵاچوو بە ناوی کەریم مورادی، کە هەرسێکیان خەڵکی شارۆچکەی “موورمووری”ـی سەر بە شاری ئاودانان بوون، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە ڕفێندران.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی شەممە، ٣١ی پووشپەڕی ١٤٠٢ی هەتاوی، کامبیز تەوحیدی، خەڵکی شارۆچکەی “موورمووری”ـی سەربە شاری ئاودانان لە ماڵەکەی خۆی و لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە ئیلام دەسبەسەر و ڕفێندران و هەروەها غوڵامڕەزا تەوحیدی، باوکی کامبیز تەوحیدی و هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی کەریم مورادی تەمەن ٧٠ ساڵ، لە ماڵەکەی خۆیاندا لە شارۆچکەی موورمووری، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە ڕفێندراون.

جێی ئاماژەیە کە، لە کاتی ڕفاندنی غوڵامڕەزا توحیدی و کەریم مورادی، ژمارەیەکی بەرچاو لە هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بە بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان شناسایی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەو هاووڵاتییانە و دۆخێکی ترسناکیان دروست کردبوو و تا ئێستا هیچ زانیارییەکی ورد و دروست لەسەر چارەنووس و هەروەها ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو سێ هاووڵاتییە لە بەردەستدا نییە.