دەسبەسەرکردنی دوو هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشار و سەقز لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: فەرهاد پوورئەحمەد، هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشار و هیوا لەتیفی، خەڵکی سەقز، لەلایەن هێزە سەرکوتەکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بە شێوەیەکی دڕەندانە و توندوتیژی دەسبەسەر کراون.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٩ی پووشپەڕی ١٤٠٢ی هەتاوی، هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامی لە شاری سەقز، هیوا لەتیفی هاووڵاتیی خەڵکی ئەو شارەیان بە شێوەیەکی دڕەندانە و بە لێدان و توندوتیژی و بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەک دەسبەسەر و گواستوویانەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
هەروەها لەلایەکی دیکەوە، فەرهاد پوورئەحمەد، خەڵکی شاری پیرانشار، بەهەمان شێوە و بە شێوەیەکی دڕندانە و بە لێدان و بێڕێزیکردن لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراوە و لە کاتی دەسبەسەرکردنی ناوبراودا چەکدارانی ڕێژیم هێرشیان کردووەتە سەری و بە باتۆم و قاییش و بە شێوەیەکی دڕندانە لێیان داوە و پاشان دەسبەسەری و گواستوویانەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
ئەو دو هاووڵاتییە پاش ئەوەیکە دەسبەسەر کراون، بۆ شوێنی نادیار گواستراونەتەوە و تائێستا هیچ زانیارییەکی ورد و دروست لەسەر چارەنووس و بارودۆخی تەندروستییان لە بەردەستدا نییە و دۆخی تەندروستیی ئەو دوو دەسبەسەرکراوە بەهۆی لێدان و ئەشکەنجەکردن لە کاتی دەسبەسەرکردنیاندا لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمەوە، جێی نیگەرانییە.