خۆڕاگری: ناسنامەی دوازدە هاووڵاتیی دیکەی کورد لە شارە جیاجیاکان کە بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە خۆپیشاندانەکاندا گیانیان لە دەستد داوە ئاشکرا بووە.
ڕۆژی شەممە، ٤ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ی هەتاوی “٢٤ی جانیوەری ٢٠٢٦ی زایینی” ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ناسنامەی دوازدە هاووڵاتیی دیکەی کوردی بڵاو کردۆتەوە کە لە خۆپێشاندانە سەرانسەرییەکانی دژبە ڕێژیم بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکان گیانیان لە دەست داوە.
ڕۆژی ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤ی هەتاوی، محەممەدمەتین باقری، مێرمنداڵێكی تەمەن ١٦ ساڵانی، خەڵکی کرماشان لە کاتی ناڕەزایەتییەكاندا لەناو بازاڕ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بریندار بوو و سەرەڕای خوێنبەربوونێکی زۆر دەسبەسەر کرا و بە ئۆتۆمبێلی تایبەت گوازرایەوە بۆ شوێنی نادیار و دواتر تەمرەکەیان لە یەکێک لە شەقامەکانی ئەو شارەدا فڕێدا.
ئێوارەی ڕۆژی هەینی ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٤ی هەتاوی، سێ لاوی کورد لە شارە جیاوازەکاندا کراونەتە ئامانج و لە شاری کرماشان و لە گەڕەکی “ئیلاهییە”، لاوێکی یارسان بە ناوی “حەسەن فەلاحی” لە دواوە تەقەی لێ کراوە و گیانی لەدەست داوە و هاوکات مێهرداد کەرماجانی، هاووڵاتیی یارسان و خەڵکی شاری “کەنگاوەر”، لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی شاری کەرەج بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم گیانی لەدەست دا و هەروەها ماهان مەردانی، هاووڵاتیی خەڵکی کرماشان، لە گەڕەکی “قەڵای حەسەن خان”ـی شاری تاران کراوەتە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆ و گیانی سپاردووە.
لەلایەکی دیکەوە، زانیارییەکان باس لە گیانلەدەستدانی ٧ هاووڵاتیی دیکە دەکەن لە ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباردا لە شاری کرماشان، دکتۆر پێدرام ئەرغا، پزیشکی ددان لە گەڕەکی “مەسکەن”، حەمیدڕەزا یووسفی، لە گەڕەکی “ئیلاهییە” و ئەمیرعەلی دوکانەیی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی گیانیان لە دەستد داوە و هەر لە هەمان ڕۆژدا لە شارۆچکەی “دەرەدرێژ”ـی کرماشان، دوو هاووڵاتی بە ناوەکانی بەهرۆز نەریمانی و سەیاد فەرامەرزی بوونەتە قوربانیی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم و گیانیان لە دەست داوە.
بەهزاد عەباسی، هاووڵاتیی خەڵكی شاری “قەسری شیرین” لە کاتی ناڕەزایەتییەکاندا گیانی لەدەست داوە و هەروەها لاوێکی ٢٠ ساڵانی خەڵکی شاری “سیروان”ـی سەر بە پارێزگای ئیلام بە ناوی “ڕەزا ڕۆستەمی”، لە شاری تاران کراوەتە ئامانجی فیشەکی جەنگی و گیانی سپاردووە.
شایانی باسە کە لە نیوەی مانگی ڕابردوودا بەهۆی خۆپیشاندانی مەدەنییەوە لە شارەکانی کوردستان و ئێران ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتییانی کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێران گیانیان لە دەستدا داوە و ئەوە لە کاتێکدایە کە کۆماری ئیسلامی بە هەموو شێوەیەک یاساکانی مافی مرڤی پێشێل کردووە و ناوەندەکانی مافی مرۆڤیش لەسەر ئەو ئامارانە نیگەرانیی خۆیان دەربڕیوە و پێویستە کۆمەڵگەی جیهانیی لەهەمبەر پێشێلکارییەکانی ڕێژیم بێدەنگ نەبن.

Be the first to comment