ژنێکی دەسبەسەرکراوی خەڵکی مەهاباد بەشێوەی کاتیی ئازاد کرا

خۆڕاگری: گەلاوێژ محەممەدی‌ئەرشەد، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی مەهاباد پاش ١٤ڕۆژ ڕاگیران، بەدانانی بارمتە و بەشێوەی کاتیی لە بەندیخانەی ورمێ ئازاد کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی سێشەممە، ٦ی خەرمانانی ١٤٠٣ی هەتاوی، گەلاوێژ محەممەدی‌ئەرشەد، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی تەمەن ٤٥ساڵانی خەڵکی شاری مەهاباد پاش ٢حەفتە دەسبەسەربوون، بە دانانی بارمتەی قورس بە بڕی ٧٠٠ ملیۆن تمەن و بەشێوەی کاتیی تا کاتی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی ناوەندی ورمێ ئازاد کرا و هەروەها لە ماوەی دەسبەسەربوونیدا، لە مافی هەبوونی پارێزەر بێبەری کرابوو.

ناوبراو ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی گەلاوێژی ئەمساڵ، لە کاتی گەڕانەوەی لەسەر کار لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماتی ئیسلامیی ئێرانەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی و بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەریان کرد.