یەکێک لە بریندارانی شۆڕشی ژینا بۆ جێبەجێکردنی سزاکەی ڕەوانەی بەندیخانە کرا

خۆڕاگری: مەتین حەسەنی، خەڵکی بۆکان و یەکێک له بریندارانی شۆڕشی ژینا بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای بەندکردنەکەی دەسبەسەر کرا ڕەوانەی بەندیخانە کراوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی دووشەممە، ٥ی خەرمانانی ١٤٠٣ی هەتاوی، مەتین حەسەنی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری بۆکان و یەکێک لە بریندارانی ناڕەزایەتییەکانی مانگی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٩٧ی هەتاوی، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای ٢ساڵ و ٧مانگ بەندکردن، لەلایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا و گوازراوەتەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندی بۆکان.

ناوبراو لە کۆتاییەکانی مانگی بانەمەڕی ئەمساڵ، لەلایەن لەقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی ٢ی کۆماری ئیسلامی لە بۆکان، سزای٢ساڵ و ٧ مانگ بەندکردنی بە سەردا سەپێندرابوو و هەروەها ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی بانەمەڕی ئەمساڵ، لە کۆبوونەوەی پێڕاگەیشتنی بەتۆمەتی هاندانی خەڵک بە شەڕ و کوشتار لەگەڵ یەکتر بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی گشتی و پڕوپاگەندە بەدژی ڕێژیم ئامادە بوو.

جێی ئاماژەیە کە، مەتین حەسەنی، ڕۆژی سێشەممە ٣ ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوو، لە ئاکامی هێرشی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بۆ سەر ماڵەکەیان دەسبەسەر کرابوو و دواتر ڕۆژی پێنجشەممە ٣ی ڕەشەممەی هەمانساڵ، بە دانانی بارمتەی یەک ملیارد تمەنی و بەشێوەی کاتیی لە بەندیخانەی ناوەندیی بۆکان ئازاد کرا و هەروەها لە درێژەی خۆپیشاندانە گشتییەکانی مانگی خەزەڵوەری ٩٧، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، چاوی چەپی بریندار کرا.