مێرمنداڵێکی دەسبەسەرکراوی خەڵکی بۆکان بەشێوەی کاتیی ئازاد کرا

خۆڕاگری: ئاریان یوسفی، مێرمنداڵی دەسبەسەرکراوی تەمەن ١٨ساڵانی خەڵکی بۆکان پاش زیاتر لە ١٠ڕۆژ دەسبەسەربوون بەدانانی بارمتە ئازاد کرا.

ڕۆژی دووشەممە، ٥ی خەرمانانی ١٤٠٣ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: ئاریان یوسفی، مێرمنداڵی دەسبەسەرکراوی خەڵکی شاری بۆکان و کوڕی “فاتمە دادوەند” بەندکراوی سیاسیی پێشووی کورد، پاش ١٣ڕۆژ دەسبەسەربوون بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتیی لە بەندیخانەی ناوەندی شاری ورمێ ئازاد کراوە.

ناوبراوی ڕۆژی سێشەممە، ٢٣ی گەلاوێژی ئەمساڵ، لە سنووری شاری ماکۆ لەلایەن پۆلیسی وڵاتی تورکیەوە دەسبەسەر کرا و هاوکات ڕادەستی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کرایەوە و ئەوانیش دەسبەسەریان کردو و بۆ ماوەی ١٣ڕۆژ لە بەندیخانەی ناوەندی ورمێ بەندیان کرد.