سۆما پوورمحەممەدی، مامۆستای زمانی کوردی لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی ڕێژیم بێتاوان دەرچوو

خۆڕاگری: سۆما پوورمحەممەدی، مامۆستای زمانی کوردی و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری “نۆژین” کە دەسبەسەر کرابوو، لەلایەن لقی ٤ی دادگای تێهەڵچوونەوەی کۆماری ئیسلامی بێتاوان دەرچوو.

ڕۆژی یەکشەممە، ٤ی خەرمانانی ١٤٠٣ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: سۆما پوورمحەممەدی، مامۆستای زمانی کوردی و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ڕێکخراوی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیی “نۆژین” لە شاری سنە، پێشتر لە دوو پەروەندەی جیاوازدا، بەتۆمەتی تێکدانی ئاساییشی گشتیی، سزای ١١ ساڵ بەندکردن و دوورخستنەوەی بۆ شاری کرماشانی بەسەردا سەپێندرابوو، نەڵام لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لەلایەن لقی چواری دادگای پێداچوونەوەی ڕێژیمەوە لە پارێزگای سنە، بە بێتاوان ناسێنرا و بە فەرمی ئەو بڕیارەیان پێ ڕاگەیاندووە.

ناوبراو لە سەرەتای ئەمساڵدا، لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە لە شاری سنە بە سەرۆکایەتی قازی “کەرەمی”، بەتۆمەتی پێکهێنانی گرووپ بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی گشتی، سزای ١٠ساڵ بەندکردن و دوورخستنەوەی بۆ بەندیخانەی ناوەندیی کرماشانی بەسەردا سەپێندرابوو و هەروەها لە پەروەندەیەکی دیکەشدا بەتۆمەتی تێکدانی ئاسایشی گشتی، لەلایەن لقی ١٠٦ی دادگای تاوانەکانی ڕێژیم لە سنە سزای ١ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرابوو.