بەندکراوێکی سیاسیی کورد بۆ جێبەجێکردنی سزای بەندکردن ڕەوانەی بەندیخانە کرا

خۆڕاگری: سولەیمان سالک، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی مەهاباد، بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزای بەندکردنەکەی گوازراوەتەوە بۆ بەندیخانەی ئەو شارە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی شەممە، ٣ی خەرمانانی ١٤٠٣ی هەتاوی، سولەیمان سالک، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی شاری مەهەباد لەلایەن دادگای ئینقلابی ئیسلامیی ڕێژیمی ئێرانەوە لەو شارە بانگ کراوە و بە مەبەسەتی جێبەجێکردنی سزای ١٠ساڵ بەندکردن، دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندی مەهاباد کراوە.

ناوبراو لە مانگی بانەمەڕی ئەمساڵدا لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای تاوانەکانی ٢ی کۆماری ئیسلامی لە پیرانشار بە سەرۆکایەتی قازی “مەجید ئەمیرمحەممەدی”، بەتۆمەتی هاوکاریکردنی یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی، سزای ١٠ساڵ بەندکردن و بەتۆمەتی ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ڕێژیم، سزای ١ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.

جێی ئاماژەیە کە سولەیمان سالک، ڕۆژی سێشەممە، ٧ی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە ڕێگای نێوان پیرانشار بۆ مەهاباد دەسبەسەر کرا و پاش ماوەیەک دوای لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوە لە گرتنگەیەکی ڕێژیم لە ورمێ گوازرایەوە بۆ بەندیخانەی شاری نەغەدە و دواتر بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتیی ئازاد کرا.