خۆڕاگری: موحسین ئیسلامخاە، هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان و لە دەسبەسەرکراوانی شۆڕشی ژینا، لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمەوە، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا.
ڕۆژی سێشەممە، ١٨ی خاکەلێوەی ١٤٠٥ی هەتاوی “٧ی ئاپڕیلی ٢٠٢٦ی زایینی” ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند: موحسین ئیسلامخاە، لاوی تەمەن ١٩ ساڵانی خەڵکی شاری بۆکان و یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی شۆڕشی ژینا، لەلایەن لقی یەکەمی دادگای ئینقلابی ڕێژیمی ئێرانەوە لە مەهاباد بەتۆمەتی «موحارەبە» سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا و ناوبراو ئەو کاتەی کە دەسبەسەر کراوە تەمەنی ١٦ساڵان بووە.
ناوبراو کە بەهۆی گوشاری ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم، کوردستانی بەجێ هێشتبوو و پەنابەری هەرێمی کوردستان ببوو، لە مانگی جۆزەردانی ساڵی ڕابردوودا گەڕایەوە بۆ بۆکان و لە ١١ی هەمان مانگدا دەسبەسەر کرا و لە کۆتاییدا بۆ بەندیخانە گوازرایەوە و دوای ١١ ڕۆژ بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.
ئەو هاووڵاتییە لە ماوەی ڕۆژانی دەسبەسەربوونیدا لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ سەبارەت بە کوشتنی ئەندامێکی بەسیج خرابووە ژێر گوشار و ئەشکەنجەوە و هەروەها لە کاتی بەشداریکردن لە خۆپیشاندانەکانی شۆڕشی ژینا لە بۆکان، تەنیا ١٦ ساڵ تەمەنی هەبووە و دۆسیەکەی نموونەی بەرچاوی منداڵ-تاوانبارە و بەپێی کۆنڤانسیۆنی مافەکانی منداڵ، هەر تاکێکی خوار ١٨ ساڵ بە منداڵ دادەنرێت و لەسێدارەدان یان بەندکردنی هەتاهەتایی بێ دەرفەتی ئازادکردن بۆیان قەدەغەیە.

Be the first to comment