ئاماری دەستبەسەر کراوان و حوکم دراوانی چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە مانگی سەرماوەزی١٤٠٢ی هەتاوی،بە پێی ئامارە تۆمارکراوەکانی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

خۆڕاگری:بە پێی ئامارە تۆمار کراوەکانی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە یەک مانگی ڕابردوو دا، واتە مانگی سەرماوەزی١٤٠٢ی هەتاوی ١١کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە تۆمەتی چالاکی مەدەنی، دژایەتی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی ئێران دەستبەسەر و ڕەوانەی گرتنگە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعات کراون، کە بەشێکیان دوای تەواو بوونی لێکۆلینەوە بە بارمتەی قورس ئازاد کراون و بەشێکیان تا ئێستا لە ژێر لێکۆڵینەوە دان وچارەنووسیان ناڕوونە.

هەروەها بە پێی ئامارە تۆمارکراوەکانی ئەنجومەن لە مانگی سەرماوەزی١٤٠٢ی هەتاوی دا، ٣٥ کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە شارە جیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە پێشتر لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکان دەستبەسەر و لێکۆلینەوەیان لێکراوە،لەلایەن دادگای بە ناو شۆڕشی کۆماری ئیسلامی ئێران کەیسەکانیان یەک لایی کراوەتەوە و سزای بەندکران و دوورخستەنەوەیان بەسەر دا سەپێندراوە.

بە شێوەیەکی گشتی ئەو سەزا دراوانە لە سەر یەک بە ١٠٧ ساڵ و ٦مانگ بەندکرانی تەعزیری و٥ ساڵ بەند کرانی هەڵپەسێردراو و ٤ ساڵ و ٣ مانگ دوور خستنەوە لە زێدی خۆیان مەحکووم کراون. جێگای ئاماژەیە کە ،بەندکراوێکی خەڵکی هەمەدان بە ناوی (میلاد زوهرەوەند)، لە دەسبەسەر کراوانی شوڕشی ژینا کە حوکمی ئێعدامی بەسەر دا سەپێندرابوو لە ڕۆژی٢ ی سەرماوەز سزاکەی جێبەجێ کرا، هەروەها بەندکراوێکی مەزهەبی بە ناوی ئەیوب کەریمی دوای ١٤ ساڵ مانەوە لە بەندیخانە کە بە تۆمەتی ئەندامەتی لە گرووپە توندرەوەکان و فەساد لە سەر زەوی سزای ئێعدامی بەسەر دا سەپێندرابوو، سزای ئێعدامەکەی ٨ی سەرماوەز جێبەجێ کرا. شایانی باسە زیاتر لە ١٢ کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە مانگی سەرماوەز دا، دوای یەکلا بوونەوەی کەیسەکانیان، کە پێشترلە لایەن دادگاکانی کۆماری ئیسلامی ئێران سزای بەند کرانیان بەسەر دا سەپێندرابوو بۆ جێبەجێ کردنی سزاکانیان، ڕەوانەی بەندیخانەکان کران.