سەپاندنی سزای بەندکردن بەسەر مامۆستایەکی ئایینیی خەڵکی پیرانشار لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: ئیبراهیم سەلیمی، مامۆستای ئایینیی خەڵکی پیرانشار لەلایەن دادگای تایبەت بە مامۆستایانی ئایینیی ورمێەوە، سزای ٣ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی چوارشەممە، ٢٩ی سەرماوەزی ١٤٠٢ی هەتاوی، دادگای تایبەت بە مامۆستایانی ئایینیی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە شاری ورمێ، سزای ٣ساڵ بەندکردنی بەسەر مامۆستا ئیبراهیم سەلیمی، پێشنوێژی هەینیی مزگەوتی “چوار یاری نەبی”ـی پیرانشاردا سەپاند.

دادگای تایبەت بە مامۆستایانی ئایینیی کۆماری ئیسلامیی ئیسلامیی ئێران لە شاری ورمێ، بەتۆمەتی مامەڵەکردن بەدژی ئاسایشی گشتی، تێکدانی بیروڕای گشتی و واژۆکردنی بەیاننامەی مامۆستایانی کوردستان بۆ پشتیوانی لە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی، سزای ٣ساڵ بەندکردنی بەسەر ئەو مامۆستا ئایینییەدا سەپاندووە.