بە بۆنەی دەی دیسەمبەر ڕۆژی جیهانی مافی مرۆڤ

سەلاح خزرپوور

هەموو ساڵێک لە ١٠ی دیسەمبەردا، جیهان یادی ڕۆژی پەسەندکردنی جاڕنامەی گەردوونیی مافەکانی مرۆڤ دەکاتەوە، ئەم جاڕنامەیە کە زیاتر لە حەوت‌دەیە، بە دیاریکراوی حەفتاوحەوت ساڵ لەمەوبەر لەلایەن کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەسەند کرا، وەک بەڵگەنامەیەکی مێژوویی چاوی لێ دەکرێت کە تێیدا بۆ یەکەمجار مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ بەشێوەیەکی گشتگیر و جیهانی داڕێژران.

 لە یادی ئەم ڕۆژەدا، پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە، کە ئایا بەهاکانی ئەم جاڕنامەیە تا چەند لە واقیعی ژیانی ملیۆنان مرۆڤ لە سەرانسەری جیهاندا ڕەنگی داوەتەوە؟

بەداخەوە، وەڵامەکە مایەی دڵخۆشی نییە. لە کاتێکدا بانگەشە بۆ ڕێزگرتن لە کەرامەتی مرۆڤ و مافە سروشتییەکانی مرۆڤ دەکرێت، دەبینین کە لە سەرانسەری جیهان، پێشێلکارییە سیستماتیک و بەرفراوانەکان دژی ئەم مافانە بەردەوامە. سەرکوتکردنی ئازادیی ڕادەربڕین، بەندکردنی چالاکانی سیاسی و مەدەنی، ئەشکەنجە، لەسێدارەدان و نادادپەروەریی کۆمەڵایەتی بوونەتە دیاردەیەکی ڕۆژانەی ژیانی زۆرێک لە نەتەوە بندەستەکانی جیهان. کە لەم نێوەندەدا، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک یەکێک لە دیارترین نموونەکانی پێشێلکاریی بەردەوامی مافەکانی مرۆڤ دەردەکەوێت.

دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران دوای هاتنەسەرکاری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی جێگەی نیگەرانیی قووڵی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانە. دەسەڵاتی دادوەری و دامەزراوە ئەمنییەکانی ئەم وڵاتە بوونەتە ئامرازێکی کاریگەر بۆ سەرکوتکردنی هەر دەنگێکی ناڕازی و جیاواز. ڕۆژنامەنووسان، پارێزەران، چالاکوانانی مافی ژنان، کرێکاران، مامۆستایان، ژینگەپارێزان و بەتایبەتیش چالاکانی سیاسی و مەدەنیی نەتەوەکانی وەک کورد، بەلووچ و عەرەب، بەشێوەیەکی سیستماتیک دەکرێنە ئامانج. تۆمەتی بێ بنەما، دادگاییکردنی نادادپەروەرانە و سزای قورسی وەک زیندانی درێژماوە و لەسێدارەدان، بووەتە چارەنووسی هەزاران کەس کە تەنها تاوانیان داواکردنی مافە سەرەتاییەکانیان بووە.

یەکێک لە ڕەهەندە هەرە ترسناکەکانی ئەم دۆخە، بارودۆخی نالەباری بەندکراوانی سیاسی و ئەو بەندیخانانەیە کە تێیدا ڕاگیراون. بەندیخانەکانی ئێران، بەتایبەت ئەو بەشانەی کە بۆ بەندکراوانی سیاسی تەرخان کراون، بوونەتە شوێنی ئەشکەنجەی دەروونی و بێبەشکردن لە خزمەتگوزاریی پزیشکیی پێویست وقەرەباڵغی و مامەڵەی نامرۆڤانە. ئەمە سیاسەتێکە بۆ شکاندنی ئیرادەی بەندکراوانی سیاسی و تۆقاندنی کۆمەڵگە. زۆرن ئەو بەندکراوانەی کە بەهۆی ڕێگری لە چارەسەری پزیشکی، گیانیان لەدەست داوە یان تووشی نەخۆشیی درێژخایەن بوونە کە ئەم دیاردەیە ڕۆژانە بە بەرچاوی جیهانی ئازاد و دێموکراتیک دووبارە دەبنەوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە بنەماڵەکانیشیان لە دەرەوەی زیندانەکان بەردەوام لەژێر گوشاری دەروونی و هەڕەشەی ناوەندە ئەمنییەتی و دەزگا سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندان.

لێرەدایە، کە بەرپرسیارێتیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بەتایبەت نەتەوە یەکگرتووەکان و ناوەندەکانی بڕیار لە جیهان بەدیار دەکەوێت. ڕاستە کە ساڵانە ڕاپۆرت و بەیاننامەی ئیدانەکردن دژی پێشێلکارییەکانی ڕێژیمی ئێران دەردەچێت، بەڵام ئەم هەڵوێستانە زۆربەی کات لە چوارچێوەی لێدوانی دیپلۆماسیدا دەمێننەوە و کاریگەرییەکی ئەوتۆیان لەسەر گۆڕینی ڕەفتاری دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی ئێراندا نییە. ئەوەی جێگەی داخە ئەوەیە کە زۆرجار مافەکانی مرۆڤ دەکرێنە قوربانیی بەرژەوەندییە ئابووری و سیاسییەکان و ساتوسەودا بازرگانییەکان. وڵاتانی زلهێز لەپێناو پاراستنی گرێبەستە ئابوورییەکان و هاوکێشە ژئۆپۆلەتیکییەکاندا، چاوپۆشی لە کارنامەی ڕەشی ڕژێمە سەرکوتکەرەکان دەکەن. ئەم دووفاقییە نەک هەر باوەڕ بە بەها جیهانییەکانی مافی مرۆڤ لاواز دەکات، بەڵکوو دەرفەتی زیاتر بە پێشێلکاران دەدات بۆ بەردەوامبوون لە تاوانەکانیان.

پێویستە نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی کاریگەر، مکانیزمی جیددی و کاریگەر بۆ لێپرسینەوە لەگەڵ وڵاتانی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ بەتایبەتی ئێران بگرنە بەر.  گوشارەکان دەبێت لە ئاستی ئیدانەکردن تێپەڕن و ببنە هەنگاوی کرداری وەک سزای ئامانجدار بۆ سەر ئەو وڵات و دەسەڵاتانەی دەستیان لە سەرکوت و ئەشکەنجەدانی هاووڵاتییانی خۆیاندا هەیە و هەروەها پشتیوانی و پشتگیری ڕاستەقینە لە کۆمەڵگەی مەدەنی و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ بکرێت.

لە کۆتاییدا دەبێت ئەو ڕاستییە بزانین کە بە پێشێلکردنی مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ ئاشتی و ئاسایشی جیهانی بەدی نایەت. بێدەنگی لە ئاست ستەمکاری، هاوبەشیکردنە لە تاواندا. تا ئەو ڕۆژەی هەموو مرۆڤێک بەبێ جیاوازی بتوانێت بە ئازادی و کەرامەتەوە بژی، ئەرکی ئێمەیە کە دەنگ هەڵبڕین وخەبات بکەین لە پێناو دابینکردنی مافەکانمان.

                            ١٠ی دیسەمبەری ٢٠٢٥ی زاینیی