خۆڕاگری: سزای لەسێدارەدانی لاوێکی خەڵکی بەلووچستانی بە ناوی «عامر ڕامەش» بە تۆمەتی بەغی و ئەندامبوون لە گرووپی «جەیشولعەدل» و گرووپی سەر بە «عەبدولغەفار نەقشبەندی» جێبەجێ کراوە.
ڕۆژی یەکشەممە، ٦ی بانەمەڕی ١٤٠٥ی هەتاوی “٢٦ی ئاپڕیلی ٢٠٢٦ی زایینی” ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: عامر ڕامەش، هاووڵاتیی خەڵکی بەلووچستان، لە کاتی دەسبەسەرکردنیدا تەمەنی نزیکەی ١٨ ساڵ بووە و لە مانگی ڕەزبەری ١٤٠٣ی هەتاویدا لەکاتی هەڵکوتانی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بۆ سەر دوکانێکی عەتاری لە گوندی «بڵینگی»ـی سەر بە شاری چابەهار، دراوەتە بەر دەستڕێژی گولـلە و بریندار کراوە و دواتر دەسبەسەر کراوە و دواتر هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بە بنەماڵەکەیان ڕاگەیاندبوو کە ناوبراو لە ئۆپەراسیۆنەکەدا کوژراوە، بەڵام پاش ماوەیەک ئاشکرا بوو کە عامر بە برینداری دەسبەسەر کراوە و لە ژێر کۆنترۆڵی دەزگا سەرکوتکەرەکاندایە.
ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ باس لەوە دەکەن کە پڕۆسەی دادگاییکردنی عامر ڕامەش لە دەرەوەی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان بووە و بنەماڵەکەشی لە ماوەی دەسبەسەربوونیدا کەوتوونەتە بەر گوشاری بەردەوامی دەزگا سەرکوتکەرەکان و بەتۆمەتی بەغی دادگایی کراوە و سزای سێدارە بەسەردا سەپێندراوە و هەروەها بەغی یەکێکە لەو تۆمەتە قورسانەی کە لە یاسای سزاکانی ڕێژیمی ئێراندا بەکاردێت و زۆر جار ڕێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافی مرۆڤ ڕەخنەی ئەوە دەگرن کە ئەو تۆمەتە بۆ سەرکوتکردنی چالاکوانان و بەکارهێنانی سزای لەسێدارەدان دژی نەیاران و کەمینەکان بەکاردەهێنرێت.

Be the first to comment