ڕێژیمی سزای لەسێدارەدانی بەندکراوێکی سیاسیی کوردی بۆ جاری سێیەم پشتڕاست کردەوە

خۆڕاگری: دیوانی باڵای ڕێژیم لە پرۆسەیەکی خێرای قەزاییدا، بۆ جاری سێیەم سزای لەسێدارەدانی «ناسر بەکرزادە»، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی ورمێی پشتڕاست کردەوە.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕێ ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی شەممە، ٥ی بانەمەڕی ١٤٠٥ی هەتاوی “٢٥ی ئاپڕیلی ٢٠٢٦ی زایینی” سزای لەسێدارەدانی ناسر بەکرزادە، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی شاری ورمێ، کە لەلایەن لقی ٣٩ی دیوانی باڵای ڕێژیمی ئێرانەوە پەسەند کراوە، لە نووسینگەی جێبەجێکردنی سزاکانی بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ بە فەرمی پێی ڕاگەیەندراوە و لەو کاتەشدا بەرپرسی جێبەجێکردنی سزاکان سەرەڕای هەڕەشەی جێبەجێکردنی خێرای سزاکە، بە توندی هێرشی کردووەتە سەری و سووکایەتیی پێ کردووە.

ئەم بڕیارەی دیوانی باڵای ڕێژیم لە ماوەی تەنیا ١٠ ڕۆژدا دوای ناردنی دۆسیەکە دەرچووە، لە کاتێکدا پێشتر ئەم سزایە دوو جار بەهۆی کەموکوڕیی یاسایی و نەبوونی بەڵگەی سەلمێنراو، لەلایەن هەر هەمان دیوانەوە هەڵوەشابووەوە و پارێزەرانی دۆسیەکەش ئاماژە بەوە دەکەن کە دادگای ئینقلابی ڕێژیم لە ورمێ بێ گوێدان بە تێبینییە یاساییەکان، بەردەوام بووە لەسەر سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل.

ناسر بەکرزادەی تەمەن ٢٦ ساڵان، کە لە مانگی بەفرانبار و گەلاوێژی ساڵانی ڕابردوودا لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە، بە درێژایی ماوەی لێپرسینەوە لە گرتنگەی «ئەلمەهدی»، ڕووبەڕووی گوشار و ئەشکەنجە بووەتەوە تا دانپێدانانی زۆرەملێی لێ وەربگیرێت و ناوبراو لە ماوەی دەسبەسەربوونیدا لە دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و مافی چاوپێکەوتنی بنەماڵەکەی بێبەش بووە.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*