
خۆڕاگری: حەمید حوسێننژاد حەیدەرانلوو، بەندکراوی سیاسیی کور کە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە لە سێدارە درا.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” شەوی دووشەممە لەسەر سێشەممە، ٢ی بانەمەڕی ١٤٠٤ی هەتاوی، حەمید حوسێننژاد حەیدەرانلوو، بەندکراوی سیاسیی خەڵكی چاڵدێران کە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرابوو، لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا جێبەجێ کرا.
ناوبراو پێشتر لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی ئیسلامیی ئێرانەوە لە شاری ورمێ بەسەرۆکایەتی قازی “نەجەفزادە” بەتۆمەتی “بەغی” و ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرابوو و ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بەبێ گوێدان بە مافەکانی مرۆڤ و ئازادی ڕادەربڕین لەسێدارە دا.
ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، بەشێوەیەکی دڕەندانە سزای لەسێدارەدانی حەمید حوسێننژاد حەیدەرانلوو، بەندکراوی سیاسیی کوردی جێبەجێ کرد.
ئەوە لەکاتێکدایە کە هەموو ناوەندەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران و لە دەرەوەی ئێران بە نیگەرانییەوە داوایان کرد کە سزای لەسێدارەدانی ئەو بەندکراوە سیاسییە هەڵبوەشێتەوە و هەروەها بنەماڵەکەشی ماوەی چەند ڕۆژێک لەبەردەم بەندیخانەی ورمێ مانیان گرت و داوای هەڵوەشانەی ئەو سزایەیان کرد، بەڵام ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بەبێ گوێدان بە یاساکانی مافی مرۆڤ و دۆخی دەروونی بنەماڵەکەی سزای لەسێدارەدانی ناوبراوی جێبەجێ کرد.
ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەسێدارەدانی حەمید حوسێننژاد حەیدەرانلوو، بەندکراوی سیاسیی کورد، لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە ئیدانە و مەحکووم دەکات و بەهەموو شێوەیەک یاسای سزای لەسێدارەدان بۆ بەندکراوانی سیاسیی لە ئێران ڕەت دەکاتەوە.