مامۆستایەکی ئایینیی خەڵکی سنە لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا

خۆڕاگری: مامۆستا لوقمان ئەمینی، پێشنوێژی یەکێک لە مزگەوتەکانی سنە، لەلایەن دادگای تایبەتی رۆحانییەتی ڕێژیم لە هەمەدان بانگ کراوە و هەرلەوێ دەسبەسەر کراوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی دووشەممە، ١ی بانەمەڕی ١٤٠٤ی هەتاوی، مامۆستا لوقمان ئەمینی، پێشنوێژی مزگەوتی جامێعی چواریاری نەبیی شاری سنە،  لەلایەن دادگای تایبەت بە ڕۆحانییەتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە شاری هەمەدان بانگ کراوە و هەرلەوێ دەسبەجێ دەسبەسەر کراوە کە پێشتر لە نامەیەکدا ئاگاداریان کردۆتەوە کە ڕۆژی دووشەممە سەردانی دادگا بکات.

ناوبراو مانگی جۆزەردانی ساڵی ١٤٠٢ی هەتاوی، بەتۆمەتی پڕوپاگەندە بەدژی نیزامی ڕێژیم و هاوکاریکردن لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، سزای ١١ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا و هەروەها مۆڵەتی مامۆستاییەتیشی لێ وەرگیرایەوە و بۆ ماوەی ٢ساڵی دوور خرایەوە بۆ شاری ئەردەبیل.

شایانی باسە کە، تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی مامۆستا لوقمان لە بەردەستدا نییە.