خۆڕاگری: ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕاپۆرتێکی لەسەر سادق مەحموودنژاد، هاووڵاتیی بەندکراوی سیاسیی خەڵکی پیرانشار بڵاو کردەوە کە ماوەیەکی زۆرە لەلایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە و چارەنووسی ناڕوونە.
ڕۆژی سێشەممە، ٤ی سەرماوەزی ١٤٠٤ی هەتاوی، سەرچاوەیەکی تایبەت بە ژووری هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری”ـی ڕاگەیاند: سادق مەحموودنژاد، بەندکراوی سیاسیی خەڵكی شاری پیرانشار کە نیوە شەوی ١٠ی پووشپەڕی ١٤٠٤ی هەتاوی لەلایەن ژمارەیەک لە هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە هەڵیانکوتاوەتەوە سەر ماڵەکەیان، بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەریان کردووە و ڕفاندوویانە بۆ گرتنگەیەکی ڕێژیم لە ورمێ و پاش ٢مانگ لێکۆڵینەوە گوازراوەتەوە بۆ بەندیخانەی دەریا.
ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەش کرد کە ناوبراو ١٥ڕۆژ لەمەوبەر جارێکی دیکە بە مەبەستی لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوە بردراوە بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە ورمێ و ماوەی ١٠ڕۆژ لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کراوە و گەڕێندراوەتەوە بۆ بەندیخانەی دەریا و تائێستا سەرەڕای بەدوداچوونی بنەماڵەکەی هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر چارەنووسی نییە و ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمیش لەو بارەیەوە هیچ وڵامێکی ڕاست بەو بنەماڵەیە نادەنەوە.
جێی ئاماژەیە کە ئەو هاووڵاتییە بەتۆمەتی هاوکاری و ئەندامبوون لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران تۆمەتبار کراوە و بنەماڵەکەی بەردەوام سەردانی ناوەندە سەرکوتکەر و داداگانی ڕێژیمیان کردووە، بەڵام تائێستا هیچ وڵامێکیان دەست نەکەوتووە و بە نیگەرانییەوە لە دۆخی نالەباری ڕۆڵەکەیان دەڕوانن.
