پێنج هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی بۆکان بەشێوەی کاتیی ئازاد کران

خۆڕاگری: ناسر یادیار، مووسا یادیار، حەمزە یادیار سێ برا و سلێمان کەریمی و فایەق عەبدوڵلازادە، پێنج هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی بۆکان، بەشێوەی کاتیی ئازاد کران.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی یەکشەممە، ٢٣ی خاکەلێوەی ١٤٠٥ی هەتاوی “١٢ی ئاپڕیلی ٢٠٢٦ی زایینی” سێ برا بە ناوەکانی ناسر، مووسا و حەمزە یادیار کە پێشتر لە زستان و پاییزی ساڵی ڕابردوودا لە گوندەکانی قەرموسالی و داشبەند  لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرابوون، بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتیی لە بەندیخانە ئازاد کران.

ئەو سێ برایە لە ماوەی لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوەدا لە گرتنگەکانی ڕێژیمدا، لە سەرەتاییترین مافەکانی وەک چاوپێکەوتنی بنەماڵە و هەبوونی پارێزەر بێبەش کرابوون و هەروەها برایەکی دیکەیان  بە ناوی ڕەسووڵ یادیار تائێستاش لە بەندیخانەدایە.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، هەمان‌ڕۆژ دوو هاووڵاتیی دیکەی خەڵكی شاری بۆکان بە ناوەکانی سلێمان کەریمی و فایەق عەبدوڵڵازادە، کە لە ٢٧ی مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوودا لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر و ڕفێندرابوون، دوای تەواوبوونی قۆناغی لێپرسینەوە و لێکۆڵینەوە بەدانانی بارمتە و بەشێوەی کاتیی تاکاتی دادگاییکردنەکەیان ئازاد کران.

جێی ئاماژەیە کە تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی ئەم پێنج هاووڵاتییە کراون، لە بەردەستدا نییە و ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمیش لەو بارەیەوە هیچ زانیارییەکیان بە بنەماڵەکانیشیان نەداوە.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*