٨٣ ساڵ بەر لە ئێستا و لە دڵی گۆڕانکارییەکانی شەڕی جیهانیی دووهەمدا کە بە هەوڵ و هیمەت و چاوکراوەیی کۆمەڵێک لاوی کورد لە شاری مەهاباد، پێکهێنانی کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد (ژێکاف) بوو بە خاڵوەرچەرخانێکی پڕدەسکەوت بۆ بزووتنەوەی سیاسیی کوردستان، یەکێک لە دەسکەوتە ڕێکخراوەییەکانی ئەو سەردەمە دامەزرانی “سازمانی جەوانانی کورد” بوو.
پێکهێنانی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ڕۆڵی لاوانی کورد لە بیچمگرتنی کۆماری کوردستان و دەسکەوتە مەزنەکانیدا بەرز و بەرچاون.
یەکیەتیی لاوان و ڕێکخراوە هاوپیشە و دووانەکەی، واتە یەکیەتیی ژنان و دواتر دامەزرانی ڕێکخراوە مەدەنی و سنفییەکانی دیکە لە ڕەوتی بزووتنەوەی مافخوازانەی کوردستان، بەرهەمی ئەقڵییەتی گشتاندنی خەبات و بەشداریی هەراوی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە کە حیزبی دێموکراتی کوردستان نوێنەرایەتیی دەکات.
پەرەسەندنی ڕێکخراوە مەدەنییەکانی کوردستان لە دوو سێ دەیەی ڕابردوو و ڕۆڵی بەرزیان لە ڕێکخستنی کۆمەڵگەی کوردستاندا لەلایەک سەلمێنەری گەشەی هوشیاریی کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی کۆمەڵی کوردەواری و لەلایەکی دیکەوە نیشانەی دووربینیی بەڕێوەبەرانی کۆماری کوردستان و حیزبی دێموکراتە لە دۆخی بزووتنەوەی کوردستان.
لە دۆخی ئیستای خەباتی نەتەوایەتیی خەڵکی کوردستان و گۆڕانکارییە سیاسییەکاندا، ڕۆڵی ڕێکخراوە مەدەنییەکان لە ڕێکخستنی هێز و توانای لاوان و چین و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگەدا پێویست و بەرچاوە. لەم پێوەندییەدا یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک بەڕابردووترین ڕێکخراوی کوردی، بێگومان ئەرکی زیاتری دەکەوێتە ئەستۆ.
ناوەندی ڕێکخراوە مەدەنییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وێڕای پیرۆزبایی لە بەڕێوەبەران و ئەندامانی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بۆنەی ٨٣ ساڵەی دامەزرانی ڕێکخراوەکە، بەردەوامبوونیان لە ئەرکەکانی ئەم قۆناغە هەستیارەدا بۆ بە ئاوات دەخوازێت.
ناوەندی ڕێکخراوە مەدەنییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
٢١ی خاکەلێوەی ١٤٠٥

Be the first to comment