ڕاگەیەندراوی هاوبەش بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان

خەڵکی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان!

ژنانی مافخواز!

٢٥ی نوامبر، وەبیرهێنەری خەباتێکی جیهانییە بۆ کۆتاییهێنان بە توندوتیژی دژی ژنان، خەباتێک کە بۆ ژنانی ئێران و بەتایبەتی بۆ ژنانی کوردستان، هەڵگری واتایەکی بەرفراوانترە.

لە ئێراندا کە پێکهاتە سیاسی و یاساییەکەی لەسەر بنەمای هەڵاواردنی ڕەگەزی بونیات نراوە، توندوتیژیی ڕەگەزی نەک پرسێکی تاکی، بەڵکوو بەشێکە لە داڕشتنی سیاسەتی فەرمی و ئامرازێکە بۆ کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگە. بۆ نموونە هەر بەپێی مادەی ٦٣٠ـی یاسای سزادانی ئیسلامیی ئێران، دەستی پیاوان بۆ ژنکوژی ئاوەڵاتر کراوە. لەوبارەوە هەر لە یەک ساڵی ڕابردوودا و بەپێی ئامارەکان، لانیکەم ١١٠ حاڵەتی ژنکوژی و دەیان حاڵەتی خۆکوژی و خۆسووتاندن تۆمار کراون.

ژنانی کوردستان دەیان ساڵە لەگەڵ توندوتیژیی دەوڵەتی، ئابووری، فەرهەنگی و ئەمنی دەستەویەخەن. دەسبەسەرکردن و ئەشکەنجەدانی ژنانی چالاک، بێبەشکردنیان لە پەروەردە و پیشە و بەشداریی سیاسی، سیاسەتی ئەمنییەتیسازیی جەستە و جلوبەرگی ژنان و سەرکوتی مافی هەڵبژاردن و ئازادیی تاکی، نموونەیەک لەم توندوتیژییە سیستەماتیکەن. ئەم هەڵسوکەوتانە نەتەنها کەرامەت و مافی مرۆیی ژنان پێشێل دەکات، بەڵکوو هەوڵێکە بۆ کپکردنی دەنگی نیوەی کۆمەڵگە. بەڵام ژنانی کوردستان لەهەمبەر ئەم سیاسەتانەدا بەردەوام خەبات و بەرەنگارییان کردووە و بزووتنەوەی ژینا، لووتکەی ئەم بەرخۆدانانە بوو.

ژینا ئەمینی لە تاران بوو بە قوربانیی توندوتیژیی سیستەماتیکی دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران. هەروەها ئەو توندوتیژییەی کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژینادا دژی ژنان و کچان بەکار هێنرا، لە کوشتن و دەسبەسەرکردن و ئەشکەنجەدانەوە بگرە تا تەقەی ڕاستەوخۆ لە ناڕازییان، نیشانی دا کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ پاراستنی خۆی، لە بەکارهێنانی لەڕادەبەدەری توندوتیژی دژی ژنان، پارێز ناکات. بەم حاڵەشەوە، خەباتی بوێرانەی ژنان سەلماندی کە هیچ سەرکوتێک ناتوانێت ئیرادەی ئەوان بۆ ئازادی و یەکسانی لەنێو ببات.

ئێمە وەک ڕێکخراوە دێموکراتیک و مەدەنییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان ڕایدەگەیەنین:

– توندوتیژیی سیستەماتیکی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە هەموو شێوەکانییەوە بە دژی ژنان مەحکووم دەکەین.

– پشتیوانی لە داخوازییەکانی ژنانی ئێران و کوردستان بۆ ئازادی، یەکسانی و دادپەروەری دەکەین.

– لەسەر پێویستیی پێکهاتنی میکانیزمی سەربەخۆ بۆ بەدێکیۆمێنتکردنی توندوتیژییە حکومەتییەکان، پشتیوانی لە قوربانییان و بەدواداچوونی یاسایی بۆ تاوانە حکوومەتییەکانی ئێران جەخت دەکەینەوە.

– هەر جۆرە توندوتیژییەکی کۆمەڵایەتی، دەروونی و نەریتیی کۆمەڵگە بە دژی ژنان سەرکۆنە دەکەین.

لە کۆتاییدا ڕایدەگەیەنین کە هیچ کۆمەڵگەیەک بەبێ ئازادی و ئەمنییەتی ژنان، ئازاد و ئەمن نابێت و نا بۆ هەر شێوە توندوتیژییەک دژ بە ژنان.

یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان

ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان

ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

٢٥ی نوامبری ٢٠٢٥