مامۆستایەکی زمانی کوردی دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانە کرا

خۆڕاگری: سروە پوورمحەممەدی، مامۆستای زمانی کوردیی خەڵکی سنە، بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزای ٥ساڵ بەندکردن، دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی ئەو شارە کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی شەممە، ۳۰ی خاکەلێوەی ۱٤۰٤ی هەتاوی، سروە پوورمحەممەدی، مامۆستای زمانی کوردی، ئەندامی ڕێکخراوی نۆژین و هاووڵاتیی خەڵکی شاری سنە، لەلایەن لقیجێبەجێکردنی سزاکانی ڕێژیم لە سنە، بانگکرا و هەرلەوێ دەسبەسەر و بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای ٥ساڵ بەندکردن ڕەوانەی بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی سنە کرا.

ناوبراو مانگی خەزەڵوەری ساڵی ڕابردوو، لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە لەشاری سنە، بەسەرۆکایەتی قازی “کەرەمی” بەتۆمەتی پێکهێنانی گرووپ بۆ تێکدانی ئاسایشی گشتی، سزای ١٠ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا و دواتر ئەو سزایە لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی ڕێژیم، کەمکرایەوە بۆ ٥ساڵ بەندکردن.